واشنتۆن پۆست : رێكلامی 30 چركه‌یی ته‌له‌فزیۆن، دیمه‌نێكی سه‌رنجڕاكێش له لاوێكی كورد نیشان ده‌دا كه له‌گه‌ڵ سه‌ربازێكی ئه‌مریكی سه‌ما ده‌كا. به‌رنامه‌یه‌كی شێو خواردنی رۆژئاوایی له شوێنێكی سه‌رئاوه‌ڵا و ئه‌و پیاو و ژنانه‌ی له‌گه‌ڵ یه‌كا سه‌ما ده‌كه‌ن. بێژه‌ر ده‌پرسێ: "ئایا روخساری تری عێراقتان دیتووه؟ ئه‌و روخساره زۆر له‌به‌ردڵان و سه‌رنجڕاكێشه. زۆر به چێژه!!" بێژه‌ر له درێژه دا ده‌ڵێ: "به خێر بێن بۆ كوردستانی عێراق، ئه‌وه خولیا و خه‌یاڵ نیه، ئه‌وه عێراقێكی تره."
له كاتێك دا كه شیعه و سوننه خه‌ریكی شه‌ڕێكی خوێناوین، كورده‌كان له رێگای كاریگه‌ری دانان به وه‌رێخستنی كه‌مپه‌ین له ئه‌مریكا، كه ریكلامی بازرگانیی ته‌له‌فزیۆنی نێونه‌ته‌وه‌یی و ته‌نانه‌ت به پاره كڕینی راوێژكار و لۆبیستی ئه‌مریكی له خۆ ده‌گرێ، وه‌دوای ویسته‌كانی خۆیان ده‌كه‌ون و له‌و رێگایه‌وه توانیویانه ئه‌ندامانی حكومه‌تی ئه‌مریكا له گه‌ڵ یه‌كتر بخه‌نه ناو گه‌نگه‌شه‌وه.
فیته‌ری سه‌یاره (میكانیكی ماشێن)ی پێشوو كه به ڕێكه‌وت كوڕی سه‌ركۆماری عێراقه، ئێستا له ناوه‌ندی هه‌وڵی كورده‌كان بۆ به هێز كردنی پێگه‌ی كه‌مینه‌ی خودموختاری كورد دایه. جیا له ئه‌مریكییه كانیش هاوپه‌یمانانی كورده‌كان بریتین له: مه‌سیحییه باوه‌ڕداره‌كان، كه‌سانی سه‌ر به ئیسراییل و راوێژكارانی سه‌ركۆمار.
له ساڵی رابردوو دا كوردان 3 ملیۆن دولاریان پاره داوه بۆ به‌كرێگرتنی لۆبیست و كردنه‌وه‌ی سه‌نته‌ری سیاسی له واشنتۆن. ئه‌وان بنه‌مای په‌یوه‌ندییه‌كانی خۆیان له رێگای كاریگه‌ری دانان له سه‌ر لایه‌نگرانی سیاسه‌تی شه‌ڕی سه‌رۆك بوش و مه‌سیحییه باوه‌ڕداره‌كانه‌وه ـ كه بڕوایان به‌وه هه‌یه زۆربه‌ی كه‌سایه‌تییه سه‌ره‌كییه‌كانی مه‌سیحی كه له ئینجیل دا ناویان هاتووه له كوردستان ژیاون ـ به هێز ده‌كه‌ن.
ئه‌وان هه‌روه‌ها له رێگای پێشكه‌ش كردی هه‌واڵ له ته‌له‌فزیۆنه كابڵییه‌كان دا، هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌وه ده‌رببڕن كه ئه‌گه‌ر ته‌نانه‌ت عێراق به هۆی ئه‌و شه‌ڕه‌وه به ته‌واوی ناسه‌قامگیر بێت، لانیكه‌م به‌شێك له عێراق، ئامانجی حكومه‌تی بوش بۆ دامه‌زراندنی ناوچه‌یه‌كی هێمن، دێموكراتیك و هاوپه‌یمانی رۆژئاوا، له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا دێنێته دی و له‌و رێگایه‌شه‌وه به دوای ساز كردنی په‌یوه‌ندییه‌كی رۆحی له گه‌ڵ ئه‌مریكییه ره‌سه‌نه‌كانن وه‌ك ئه‌وانه‌ی وا به هه‌وڵی ئیسراییل و تایوان رازی بوون پشتیوانی له‌و دوو وڵاته بكه‌ن.
زۆربه‌ی كورده‌كان له‌و كه‌مپه‌ینه دا له‌دژی سیاسه‌تی عێراقی یه‌كگرتوون، كه ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان و حوكمڕانانی عێراقی پێشنیاری ده‌كه‌ن. هێندێك له كاربه‌ده‌ستانی باڵای ئه‌مریكی له سسه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه ویستس كوردان بۆ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری و ده‌سه‌ڵاتی زیاتر، ده‌توانێ عێراق پارچه پارچه بكا و توركیاش ـ كه یه‌كێك له ئه‌ندامانی ناتۆیه و ئێستا خه‌ریكی شه‌ڕ له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌ریلا كوردانه‌یه كه به‌شێكیان له كوردتانی عێراق دا سه‌نگه‌ریان گرتووه ـ به‌ره‌و ناسه‌قامگیری ببات.
سه‌ركرده‌كانی كورد خواستی سه‌ربه‌خۆیی وه‌ك به‌رگرییه‌ك له هه‌مبه‌ر كه‌م كردنه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵاتی فێدراڵی خۆیان دێنه به‌ر باس. ئه‌فسه‌رانی كورد ده‌ڵێن كوردان به رێژه‌ی ته‌نیا 40000 نه‌فه‌ر له ئه‌مریكا هیچ شانسێكیان نییه جگه له‌وه‌ی كه ستراتێژییه‌كی دوولایه‌نه بگرنه به‌ر. له لایه‌كه‌وه ده‌بێ لایه‌نگریی ئه‌مریكییه غه‌یره‌كورده‌كان وه ده‌ست بێنن و له لایه‌كی تره‌وه درێژه به لۆبییه‌كانیان له واشنتۆن بده‌ن.
قوباد تاڵه‌بانی كوڕی جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌ركۆماری عێراق كه وه‌ك نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان نێردراوه‌ته واشنتۆن، ده‌ڵێ: "ئێمه ده‌بێ بۆ پاراستنی خۆمان، له هه‌موو ئامرازه‌كانی به‌ر ده‌ستمان كه‌ڵك وه‌ربگرین."
كورده‌كان خوازیاری ئه‌و جۆره له په‌یوه‌ندیی ستراتێژی و رێكخراوه‌یین كه ئیسراییل و تایوان له‌گه‌ڵ واشنتۆن هه‌یانه. قوباد تاڵه‌بانی ته‌مه‌ن 29 ساڵ ده‌ڵێ: گرینگ نییه كام حیزب له واشنتۆن ده‌سه‌ڵاتی له ده‌ست دابێ. گرینگ ئه‌وه‌یه كه واشنتۆن پشتی هیچكام له‌و دوو وڵاته به‌رنادا. ئێمه خوازیاری وه‌ها پشتیوانییه‌كین."
قوباد تاڵه‌بانی كه پێشتر فیته‌ر (مكانیكی ماشێن) بووه و له لای داپیره و باپیره‌ی له له‌نده‌ن گه‌وره و په‌روه‌رده كراوه، له ساڵی 2000 دا هاته واشنتۆن، له كاتێكدا كه هیچ شتێكی له سیاسه‌ت نه‌ده‌زانی. ئه‌و زۆر زوو ده‌ستی كرد به ساز كردنی په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ فه‌رمانبه‌رێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا كه له مه‌ڕ عێراق ئیشی ده‌كرد. ئه‌و ه‌یوه‌ندییه ئاكامه‌كه‌ی زه‌ماوه‌ندی ئه‌و دوانه بوو. ئه‌و ئێستا له كلوپی بامبی فراوین ده‌خوا و شوێنی ئیشه‌كه‌ی دوو بلۆك له كۆشكی سپی دووره. ئه‌و له واشنتۆن له هر عێراقییه‌كی تر به هێزتره.
چونكه توانایی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه راسته‌وخۆ له‌گه‌ڵ باوكی په‌یوه‌ندی بگرێ. چونكه ئه‌و روانگه‌ی گشتیی كه‌مینه‌یه‌كی كاریگه‌ر ده‌رده‌بڕێ كه كورسی پێویستی له ناو په‌رله‌مانی عێراقدا هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر گه‌ڵاڵه‌یه‌كی په‌یوه‌ندیدار به دابه‌ش كردنی داهاتی نه‌وت ڤیتۆ بكات. رێك ئه‌و یاسایانه‌ی كه له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان به‌ڕێوه ده‌چێ. له به‌رامبه‌ر دا باڵیۆزی عێراق له واشنتۆن، عه‌ره‌بێكی سونه‌ی سیكۆلاره كه به هۆی بوونی زۆرینه‌ی شیعه له ده‌سه‌ڵات دا هیزێكی وه‌های بۆ خۆ ده‌رخستن و مانۆڕ نییه.
تاڵه‌بانی به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ كاربه‌ده‌ستانی پایه‌به‌رزی كۆشكی سپی په‌یوه‌ندی هه‌یه. ئه‌و هه‌ر كات كه بخوازێ ئه‌ندامانی كۆنگرێس ده‌بێنێ و تا ئێستا له‌گه‌ڵ 4 پاڵێوراوی سه‌ركۆماریی ئه‌مریكا واتا سیناتۆر هیلاری كلینتۆن، سیناتۆر جۆن مه‌ك كین، سیناتۆر سام برۆن به‌ك و سیناتۆر جۆزێف بایدێن دیداری بووه. تاڵه‌بانی ده‌ڵێ: "ئێمه ماوه‌یه‌كی زۆر له سه‌ر لێواری تیغ (موس) رێمان پێواوه.
دۆزوینه‌وه‌ی دۆستانێك له ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بۆ5 ملیۆن كوردی عێراقی كه له زۆربه‌یان سێ پارێزگای كوێستانی باكووری عێراق له ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كۆبوونه‌ته‌وه زۆر حه‌یاتییه. حكومه‌تی هه‌رێم ده‌سه‌ڵاتی ئه‌وه‌ی هه‌یه كه كه یاساكانی خۆی په‌سه‌ند بكا، هێزی ئاسایشی خۆی به‌ڕٍێوه ببا و ته‌نانه‌ت پێش به هاتنی سوپای عێراق بگرێ. ئاڵای نه‌ته‌وه‌یی ئێراق له كوردستان بوونی نییه. سه‌رجه‌م بینا حكومییه‌كانی كوردستان به ئاڵای سێ ره‌نگی سوور و سپی و سه‌وز كه خۆرێك له ناتوه‌راستی دا ده‌دره‌وشێته‌وه رازاونه‌ته‌وه. كه‌سانی بیای كه سه‌ردانی هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێ/ی كوردستان ده‌كه‌ن ویزای كوردستان وه‌رده‌گرن نه‌ك هی عێراق.
ئه‌گه‌رچی حكومه‌تی هه‌رێم له ساڵی 2005 دا له لایان په‌رلمانی عێراقه‌وه به فه‌رمی ناسراوه، به‌ڵام ئێستاش له گه‌ڵ عه‌ڕه‌به‌كانی عێراق، چ شیعه و چ سوننه، كه له باشووری عێراق ده‌ژین كێشه‌ی هه‌یه. عه‌ره‌به سونه‌كان ده‌ڵێن كه پێداچوونه‌وه به سه رده‌ستوور دا به بێ به بێ ئه‌ستاندنه‌وه‌ی ئه‌و كورسییانه‌ی كورده‌كان له په‌رلمای ئه‌و وڵاته دا هه‌یانه مسۆگه‌ر نابێ. به تایبه‌ت بڕیاری به‌ڕێوه‌چوننی ریفراندۆم بۆ دیاری كردنی چاره‌نووسی شاری كه‌ركووكی ده‌وڵه‌مه‌ند به نه‌وت كه شوێنی نشته‌جێ بوونی كورده‌كان، توركمانه‌كان و عه‌ره‌به‌كانه و بڕیاره به ریفراندۆم بێته‌وسه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها سێ وڵاتی هاوسنوور له گه‌ڵ كوردستانی عێراق، ئێران، توركیا و سوریا، كه رێژه‌یه‌كی به‌رچاو كوردیان هه‌یه، به سه‌ربه‌خۆیی كوردستا تووشی گرفت ده‌بن.
سه‌ره‌كیترین نیگه‌رانیی سه‌ركرده‌كانی كورد په‌یوه‌ندیی ئه‌وان له گه‌ڵ ئه‌مریكایه. كورده‌كان بڕٍوایان به‌وه هه‌یه كه ده‌بێ وه‌ك براوه‌ی شه‌ڕێك كه 4 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كۆتایی پێ هاتووه بناسرێن. زۆربه‌ی ئه‌وان سكۆلارن و له مارسی 2003وه تا ئێستا هیچ سه‌ربازێكی سوپای ئه‌مریكا له كوردستان نه‌كووژراوه هه‌موو بازرگانا له هه‌ولێر یا له شاره‌كانی تری كوردستان نشته‌جێ ده‌بن. چونكه سوپای كوردستان كه به ناوی پێشمه‌رگه ده‌ناسرێ، له به‌رامبه‌ر هێرشی تیرۆریستی عه‌ره‌به سوننه‌كان، كوردستان ده‌پارێزێ.
به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی كورد ده‌ڵێن ئه‌مریكا له به‌رامبه‌ر ئه‌و هه‌موو هه‌وڵ و تێكۆشانه دا، زۆر كه‌م سه‌رنج ده‌داته كوردستان. وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا 3%ی بودجه‌ی ئاوه‌دانكرنه‌وه‌ی عێراقی بۆ كوردستان داناوه. ئه‌مه له كاتێكدایه كه كورده‌كان 20%ی دانیشتوانی عێراق پێك دێنن. سه‌ركرده‌كانی كورد هه‌روه‌ها ده‌ڵێن كه دیپلۆماته ئه‌مریكییه‌كان ئه‌وان مه‌جبور به سازش له‌گه‌ڵ عه‌ره‌به سوننه‌كان ده‌كه‌ن كه ئه‌و كاره هێزی جكوومه‌تی هه‌رێم بۆ رووبه‌ڕوو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌وان كه‌م ده‌كاته‌وه.
تاڵه‌بانب له كاتی خواردنه‌وه‌ی "جین" له باڕی هۆتێلی ئادامز وتی: "ئه‌گه‌ر ئه‌وان پێیان وایه كه كورده‌كا وه‌ك گه‌مژه فریو ده‌خۆن و و ئه‌و هێزه‌یان هه‌یه كه ئه‌وان (كورده‌كان) له گۆڕه‌پانه‌كه ده‌ركه‌ن و ده‌سه‌ڵات بده‌ن به‌و سوننانه‌ی كه جگه له كوشتنی ئه‌مریكییه‌كان هیچیان نه‌كردووه، ده‌بێ بزانن كه رووداوێكی سه‌یر چاوه‌ڕوانیانه. ئه‌وان پێیان خۆش بێ یا نا ئێمه له سه‌ر نه‌خشه هه‌ین."
لۆبی كورده‌كان پاش سه‌دام، به داخوازییه‌كی 4 ملیارد دۆلاری ده‌ستی پێكرد. سه‌ركرده‌كای كورد له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌ن كه ئه‌و بڕه پاره‌یان به لای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كانه‌وه‌یه كه له 1995 ـه‌وه بڕیاری نادادوه‌رانه‌ی نه‌وت به‌رامبه‌ر به خۆراكی ده‌ست پێكردووه و تا 2003 كۆنترۆڵی فرۆشی نه‌وتی هه‌موو عێراقی له ده‌ست دا بوو. به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه ئه‌و پاره‌یه به ناوه‌ندێكی دارایی باوه‌ڕپێكراو له ژێر به‌ڕێوه‌به‌ری ئه‌مریكا سپێردرابوو، هه‌ر پاش ته‌واو بوونی شه‌ڕ كورده‌كان چاویان بڕیبووه ئه‌مریكا.
به‌ڵام سه‌ركرده‌كانی دوو حیزبی سه‌ره‌كیی كوردستان واتا مه‌سعود بارزانی له پارتی دێموكراتی كوردستان و جه‌لال تاڵه‌بانی له یه‌كییه‌تیی نیشتمانی كوردستان، دوو نوێ،ه‌ری جیاوازیان له واشنتۆن هه‌بوو.نوێ،ه‌ری جه‌لال تاڵه‌بانی به‌رهه‌م ساڵح بوو كه ئێسا جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه و پێشتر مامۆستای قوباد تاڵه‌بانی بووه. فه‌رهاد بارزانی نوێنه‌ری مه‌سعود بارزانی به هۆی گرفتی ماڵی و دارایی تووشی كێشه بوو. فه‌رهاد فه‌رهاد بارزانی بۆ راكێشانی پشتیوانیی واشنتۆن، به پێشنیاری سه‌ركرده‌كانی كورد و كاربه‌ده‌ستانی پێشووی ئه‌مریكا، به هۆی ئاشنایی پێشووی "دێنی یاتووم" ـ سه‌رۆكی پێشووی رێكخراوه‌ی سیخوڕی ئیسراییل(موساد) ـ له‌گه‌ڵ چالاكییه‌كانی كوردان، سه‌ردانی ئه‌وی كرد.
به وته‌ی به‌رپرسێكی هاوكاری باتووم، "شلۆئیم میكاییلز"، كه به ته‌مای سه‌رمایه‌گوزاری له كوردستان بوو قه‌بووڵی كرد كه یارمه‌تیی كورده‌كان بدا بۆ ئه‌وه‌ی لابیستێك بدۆزنه‌وه. سه‌رچاوه‌ه‌كان ئه‌و هه‌واڵه‌یان به مه‌رجی ئاشكرا نه‌كرانی ناویان دركاند.
ئه‌و به‌رپه‌رسه وتی كه میكاییلز سه‌ره‌تا سه‌ردانی "جه‌ك ئابرامۆف"ی كرد و پاشان چوو بۆ لای لابیستێك كه له گه‌ڵ كۆمارخوازه‌كان په‌یوه‌ندی هه‌بوو. به‌ڵام ئابرامۆف كه دواتر به تۆمه‌تی به‌رتیل وه‌رگرتن خرایه زیندان پاره‌یه‌كی زۆری له كورده‌كان داوا كرد. لابیستێكی ئه‌مریكی كوتی كه میكاییلز له كورده‌كانی ده‌ویست كه مانگانه 65000 دۆلاری بده‌نێ. ئه‌و زۆربه‌ی ته‌لفۆن و په‌یامه‌كانی وڵام نه‌ده‌داوه.
راسڵ ویلسۆن، كۆماریخوازی پێشوو ی ئه‌ندامی كۆنگره كه میكاییلز بۆ راوێژ كردن چووبوو بۆ لای ئه‌وه، پێشنیاری به كورده‌كان كرد كه له‌گه‌ڵ "ئێد راجێرز" فه‌رمانبه‌ری سیاسیی حیزبی كۆماریخوازی ئه‌مریكا و فه‌رمانبه‌ری پێشووی كۆشكی سپی كه زۆربه‌ی كۆمپانیا لۆبیسته‌كانی هه‌ڵده‌سووڕاند، په‌یوه‌ندی بگرن. له سێی ژۆئه‌نی ساڵی 2004 دا، "باربور كریفیتیس" و "راجێرز" قه‌بووڵیان كرد كه له به‌رامبه‌ر وه‌رگرتنی مانگانه 29000 دۆلار نوێ،ه‌رایه‌تیی پارتی دێموكراتی كوردستان وه ئه‌ستۆ بگرن. قوباد تاڵه‌بانی وتی كه كۆمپانیای ناوبراو له‌گه‌ڵ كۆشكی سپی ده‌ستی به گه‌نگه‌شه كردووه. 20 رۆژ دواتر واتا له 23ی ژۆئه‌ن نوێنه‌ری حكوومه‌تی ئه‌مریكا له عێراق 4/1 ملیارد دۆلاری دا به كورده‌كان. سوپای ئه‌مریكا ئه‌و پاره‌یه‌ی به شێوه‌ی پاره‌ی 100 دۆلاری له ناو جانتای پلاستیكی دا و به 3 كۆپته‌ر نارده هه‌ولێر.
ئه‌گه‌رچی كاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن ئه‌و پاره‌یه به‌شی كورده‌كانی عێراق له بودجه‌ی 2004ی عێراق بووه و په‌یوه‌ندی به لۆبی كورده‌كانه‌وه نییه، به‌ڵام كورده‌كان شتێكی تر ده‌ڵێن.
ئیش كردنی باربور، راجرز و گریفیتس له گه‌ڵ كورده‌كان هه‌ر وا به‌رده‌وامه و زۆریش په‌ره‌ی سه‌ندووه. حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له 11 مانگی رابردوو دا 896333 دۆلاری داوه به‌م كۆمپانیانیه بۆ لۆبی له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا.
قوباد تاڵه‌بانی كه ئێستا نوێنه‌ری هه‌ردوو حیزبی كورده ده‌ڵێ: لۆبی ئه‌و كۆمپانیایه، "بۆ ئێمه له وه‌ده‌ست هێنانی ئیمتیازی نه‌وت به‌رامبه‌ر به خۆراك زۆر به قازانج بووه". ئه‌و هه‌روه‌ها ده‌ڵێ: "ئه‌وه سه‌ركه‌وتنێكی به‌رچاوه بۆ كوردان"
ئیمتیازی دواتر زۆر گه‌وره‌تره: 18.4 ملیارد دۆلار بودجه‌ی ئاوه‌دان كردنه‌وه‌ی عێراق به هۆی سیاسه‌تی نه‌وت به‌رامبه‌ر به خۆراك. سه‌ركرده‌كانی كورد له سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌ن كه لانی كه‌م له سه‌دا بیستی ئه‌و بڕه پاره‌یه مافی ئه‌وانه و ئه‌و بڕه‌ش به پێی رێژه‌ی كورد به هه‌موو دانیشتوانی عێراق به كه‌مترین داوای عاقڵانه‌ی ده‌زانن.
به‌ڵام روانگه‌ی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا شتێكی تره. ئه‌وان ده‌ڵێن كه كورده‌كان له ساڵی 1991 به‌م لاوه، به هۆی فڕۆكه شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌مریكی و دروست كردنی ناوچه‌ی دژه فڕین له ژێر مه‌ترسی سوپای سه‌دام حسێن دا نه‌مابوون و له‌و ساڵانه دا به به‌راورد له گه‌ڵ ناوچه عه‌ره‌بییه‌كان، ده‌ره‌تانێكی زیاتریان بۆ ئاوه‌دان كردنه‌وه هه‌بووه. به پێچه‌وانه‌ی لۆبی به په‌له و چالاكی كورده‌كان، وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بڕیاری داوه كه به‌شێكی زیاتر له‌و پاره‌یه بدرێ به شوێنه‌كانی تر.
له ساڵی 2005 به‌م لاوه سه‌ركرده‌كانی كورد بڕیاریان دا كه ستراتێژیی خۆیان بگۆڕن. كوردستان ورده ورده به هۆی شاڵاوی فه‌رمانبه‌ر و ده‌وڵه‌مه‌ندان و سه‌رمایه‌گوزاران كه به‌غدا به شوێنێكی مه‌ترسیدار ده‌زانن، رێژه‌ی حه‌شیمه‌تی زۆر ده‌بێ. بۆیه كورده‌كان له جێی ئه‌وه‌ی كه داوای پاره له ئه‌مریكا بكه‌ن، پێشنیاریان به حكومه‌تی ئه‌مریكا كردووه كه كۆمپانیا ئه‌مریكییه‌كان هان بدا بۆ ئه‌وه‌ی له كوردستان سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن.
تاڵه‌بانی و "ئایال فرانك"، ئه‌ندامی پێشووی كۆنگرێس و راڤه‌كاری یاسایی باڵوێزخانه‌ی ئیسراییل، كه ئێستا ئیش بۆ حكوومه‌تی كوردستان ده‌كا، له جێی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه ده‌ستیان كردووه به وتووێژ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی ئابووری كه زیاتر تامه‌زرۆیی بۆ ئه‌و بابه‌ته ده‌ربڕیوه. تاڵه‌بانی ده‌ڵێ: كاتێك ده‌رگاكان له سه‌ر ئێوه داخراون له په‌نجه‌ره‌وه بڕۆنه ژوورێ." تاڵه‌بانی له درێژه‌دا گوتی: پاش چه‌ندین كۆبوونه‌وه و دانیشتنی جۆراوجۆرله مه‌ڕ چالاكیی ئابووری له عێراق، "سه‌ره‌نجام بواری هاوبه‌ش هاتۆته ئاراوه".
ئه‌و ده‌ڵێ: "له هێندێك بوار دا بابه‌تی وه‌لانانی كه‌سانی تر دێته ئاراوه. كاتێك كورده‌كان ئیمتیازێك وه ده‌ست دێنن، عه‌ڕه‌به‌كان ئه‌و ئیمتیازه له ده‌ست ده‌ده‌ن." ئه‌و ده‌ڵێ " خه‌ڵك له بازرگانی دا روانگه‌ی جۆراوجۆریان هه‌یه. ئه‌وان به‌ره‌به‌ره تێده‌گه‌ن كه گه‌شه سه‌ندن و پێشكه‌وتنی به‌شێكی هێمنتر له وڵاتێك، هیچ زیانێكی بۆ به‌شه‌كانی تری ئه‌و وڵاته نییه."
كاتێك كه "فرانكلین ل لاوین" جێگری وه‌زاره‌تی ئابووری له بواری بازرگانیی نێونه‌ته‌وه‌یی دا له 20ی فیڤریوه‌ری ئه‌مساڵ دا بۆ یارمه‌تیدای كوردستان وه‌ك ده‌روازه‌ی بازرگانیی ئه‌مریكا له عێراق، سه‌ردانی هه‌ولێری كرد، گه‌لێك كۆبوونه‌وه له‌م باره‌یه‌وه ساز درا و ته‌له‌فۆنێكی زۆر كرا و E-mailێكی زۆریش به‌ڕێكرا. لاوێن وتی: دیداری ئه‌و به‌و ئامانجه پێكهاتووه كه "ئه‌و كۆمپانیایانه‌ی كه حه‌ز ده‌كه‌ن له عێراق سه‌رمایه‌گوزاری بكه‌ن، هان بدا ... له مه‌ڕ ئه‌و شوێنانه‌ی كه بۆ سه‌رمایه‌گوزاری قازانجی زیاتریان هه‌یه بیر بكه‌نه‌وه."
تاڵه‌بانی وتی: ئه‌و سه‌فه‌ری لاوین به "سه‌ركه‌وتنێكی مه‌زن" له قه‌ڵه‌م ده‌دا چونكه ئه‌و كاره نوێنه‌رێكی كابینه‌ی مه‌جبوور كرد پێداچوونه‌وه‌یه‌ك بكا به سه‌ر رێگاكانی سه‌رمایه‌گوزاری له عێراقدا."
به‌ڵام بۆ تاڵه‌بانی و كاربه‌ده‌ستانی تری كورد، گرفتێكی تر له سه‌ر رێگای سه‌رمایه‌دارانی ئه‌مریكی بۆ سه‌رمایه‌گوزاری له كوردستان، هه‌ر وا به‌رده‌وامه: وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه له مه‌ڕ سفه‌ر بۆ عێراق هۆشداری داوه و ئه‌و كاره‌ی به "زۆر مه‌ترسیدار" وه‌سف كردووه‌بێ ئه‌وه‌ی كه ناوچه‌كا له یه‌ك هه‌ڵاوێرێ.
تاڵه‌بانی به وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی گوتووه كه ئه‌و هۆدارییه بگۆرێ، ئه‌و ده‌ڵێ: "ئه‌وه‌ی كه به بازرگانه‌كان ده‌ڵێن هه‌موو عێراق مه‌ترسیداره، وته‌یه‌كی هه‌ڵه‌یه" ئه‌و ده‌ڵێ: ئه‌گه‌رچی سه‌رمایه‌گوزاری بیانی له كوردستان خه‌ریكه بڕه‌و په‌یدا ده‌كا به‌ڵام به‌شی كۆمپانیای ئه‌مریكی له‌و سه‌رمایه‌گوزارییه‌دا زۆر كه‌مه.
لاوین له روونكردنه‌وه‌ی زیاتر خۆی ده‌بوارد به‌ڵام كاربه‌ده‌ستانی كورد وتیان كه ئه‌ویش بۆ گۆڕینی ئه‌و هۆشداریانه زه‌ختی خستۆته سه‌ر حكومه‌تی ئه‌مریكا.
له نامه‌ی "مائۆرا هارتی"، راوێژكاری وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه كه له رۆژی سێی ئا‌پریل دا بۆ تاڵه‌بانی ناردووه نووسراوه: "ئه‌و هۆشدارییانه، بارودۆخی واقیعیی عێراق به شێ,ه‌یه‌كی دروست ده‌رده‌خه‌ن".
ئه‌و ده‌ریبڕی كه به ته‌مایه ئه‌ندامانی كۆنگره و بازرگانا هان بدا كه داخوازییه‌كی گشتی پێشكه‌شی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا بكه‌ن. هه‌روه‌ها وتی: "ئێمه هه‌وڵ ده‌ده‌ین زه‌خته‌كانمان زیاتر بكه‌ین".
له كاتێك دا كه كه‌مپه‌ینی واشنتۆن به‌ڕێوه ده‌چوو، ئه‌و كوردانه‌ی كاریگه‌رییان له سه‌ر پرسه ستراتێژییه‌كاندا هه‌بوو، سێ بلووك دوورتر له كه‌ناری سانتا كروز له كالیفۆرنیا، كۆمه‌ڵه‌یه‌كیان پێك هێنا.
بیل گاراوی، وه‌زیری باوه‌ڕمه‌ندی مه‌سیحی له كاتێكدا كه له شارۆچكه‌ی كه‌ناری به دراوسێكانی گوتبوو كه بۆ ئیشێك ده‌چێته كوردستان، به‌وه گه‌یشتبوو كه كورده‌كان له راگه‌یاندن دا گرفتیان هه‌یه. به وته‌ی گاراوی:" ئه‌وان پرسیاریان كرد: "كورده‌كان كێن؟" منیش له وڵام دا گوتم: ئه‌وان له رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست دا بێ هاوتان. هه‌مویان موسوڵمان به‌ڵام رقیان له ئیسلامی توندڕه‌وه. ئه‌وان ئه‌مریكایان خۆش ده‌وێ."
له چوارچێوه‌ی سه‌فه‌رێكدا بۆ كوردستان ئه‌و ئه‌مریكییه‌كانی هان دا بۆ ساز كردنی په‌یونه‌دیی بازرگانی له‌گه‌ڵ كوردستان. كورده‌كان زۆر سه‌ریا سوڕما ئه‌وان داوایان له گاراوی كرد كه چه‌ند رێكلامێك ساز بكات.
له سه‌ره‌تای به‌هاری 2005 ـه‌وه ئه‌و به كامێرایه‌ك ده‌ستی كرد به فیلم ساز كردن كه له‌و فیلمانه دا، مناڵه‌كان ئاڵایان به ده‌سته‌وه‌یه و كڕیاران به خه‌یاڵێكی ئاسووده له فرۆشگای نوێ كه‌لوپه‌ل ده‌كڕن و پێشمه‌رگه رێزی سه‌ربازی ده‌گرن. له كۆتایی هاوین دا ئه‌و سێ فیلمی كورتی 30 چركه‌یی ئاماده كردبوو.
له یه‌كه‌م فیلم دا چه‌ندی ریز له خه‌ڵكی كورد ده‌بینرێ كه سپاسی ویلایه‌ته یه‌كگرتووه‌كان ده‌كه‌ن. ئه‌و رێكلامه هاوینی ساڵی رابردوو له ته‌له‌فزیۆنی كابڵی بڵاو بۆوه و زۆر زوو ده‌نگدانه‌وه‌ی هه‌بوو. گاراوی وتی: "دیتنی ئه‌و عێراقیانه‌ی كه خه‌ریكن سپاستان ده‌كه‌ن زۆر سه‌رنجڕاكێشه. ئه‌وه شتێكه كه زۆربه‌ی ئه‌مریكییه‌كان قه‌ت نه‌یاندیوه."
گاراوی پیره‌پاوێكی 62 ساڵه‌ی لاواز كه تاڵه قژه‌كانی به‌ره به‌ره به‌ره‌و ره‌ساسی بوون ده‌چێ، زیاتر له 10 ساڵه له‌گه‌ڵ كورده‌كان ئاشنایی نیزیكی هه‌یه و له سه‌ر ئه‌و بڕوایه‌یه كه زۆربه‌ی ئه‌و رووداوانه‌ی كه له ئینجیل دا باسیان لێوه كراوه، وه‌ك كه‌شتیی وح و ئیلاهه‌ی ئیشتار، له كوردستاندا روویان داوه.ئه‌و نه‌ك هه‌ر پێی وایه كه كورده‌كان له تۆره‌مه‌ی ماده‌كانی كۆنن به‌ڵكوو پێی وایه ئه‌و سێ كه‌سه‌ی كه وه‌ك له ئینجیل دا باس ده‌كرێ بۆ بێنینی مه‌سیحی زارۆك هاتبوونه "به‌یت له‌حم" هه‌موویان له كوردستانه‌وه بوون.
پشتیوانی كردنی كوردان بۆ گاراوی، دوایین رووداوی سه‌یر و سه‌مه‌ڕه‌ی ژیانێتی.وه‌ك خۆی ده‌ڵێ له دژی شه‌ڕی ڤیێتنام رێپێوانی كردووه. دواتر له كۆمه‌ڵه‌یه‌كی لاوان به 140 ئه‌ندامه‌وه، له سه‌ر لوتكه‌كانی "پالوئاتۆ" له كالیفۆریا ژیاوه و كۆمپانیایه‌كی خوارده‌مه‌نی به‌ڕێوه بردووه. یووگای كردووه و له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی "گیتفۆل دێد" ئاشنا بووه و له ناو خانووه دارینه‌كه‌ی خۆیدا، پێشوازیی له "ئالێن گینسبێرگ" ی شاعیر كردووه. رۆژێك ژماره‌یه‌ك له براده‌رانی كه كۆمه‌ڵه‌كه‌یان جێهێشتبوو دێنه‌وه بۆ لای و بانگهێشتی ده‌كه‌ن كه ببێته ئه‌ندامی كلێسای ئه‌وان . ئه‌و ئه‌و ده‌عوه‌ته‌ی ئه‌وانی قه‌بووڵ كرد و به وته‌ی خۆی "خوا زۆر خۆی ل سه‌ر من ئاشكرا كرد."
گاراوی كه سه‌رۆكی رێكخراوه‌ی دارایی مه‌سیحییه‌كان له باكووری عێراقه و ده‌ڵێ كه كورده‌كان ده‌بێ وڵاتی سه‌ربه‌خۆی خۆیان هه‌بێ ـ هه‌ڵوێستێك كه له ئاراسته‌ی سیاسیه‌ته‌كانی قوباد تاڵه‌بانی و سه‌ركرده‌كانی تری كورده ـ ئه‌و ده‌ڵێ: ئه‌وان باشتر له هه‌ر شوێنێكی وڵاتانی ئیسلامی رێز له بایه‌خه‌كانی ئه‌مریكا ده‌گرن. ئێمه ده‌بێ ئه‌وان بۆ هه‌وڵی زۆرتر هان بده‌ین نه‌ك ببینه له‌مپه‌ڕ له سه‌ر رێگایان."
گاراوی بۆ دروست كردنی رێكلامه‌كان، له رۆسۆ، مارس و رۆجێرز، یارمه‌تیی وه‌رگرت. كۆمپانیای ئه‌وان نزیكایه‌تییه‌كی زۆر له‌گه‌ڵ "موڤ ئه‌مریكه‌ن فۆرواردز" (Move American Forvards) هه‌یه كه گروپێكی كۆنسێرڤاتیڤه كه بۆ پشتیوانی كردن له درێژه‌دانی چالاكی سه‌ربازی له عێراق چالاكی ده‌كات. ساڵی رابردوو ئه‌و گروپه داوای له مودیری كۆمپانیای په‌ره‌پێدانی كوردستان (Kurdistan Development Corporation) كه له سه‌رف كردنی بڕی تێچووی رێكلامه بازرگانییه‌كان یارمه‌تی دابوون، كرد كه له میواندارییه‌كی شێوخواردن، بۆ ئه‌و دایك و بابانه‌ی كه مناڵه‌كانیان له شه‌ڕی عێراق دا شه‌هید ببون، وتارێك بخوێنێته‌وه.
ئه‌و كۆمپانیایه هه‌روه‌ها سه‌فه‌رێكی بۆ ژماره‌یه‌ك له‌و دایك و بابانه رێكخست بۆ ئه‌وه‌ی كوردستان ببینن كه له‌و سه‌فه‌ره دا ئه‌وان له‌گه‌ڵ مه‌سعوود بارزانی و ده‌سه‌ڵاتدارانی تری كورد دیداریان كرد. گاراوی وتی كه ئه‌و و سالواتۆره رۆسۆ، ستراتێژیستی سه‌ره‌كیی كۆمپانیای "رۆسۆ مارش ورۆجێرز" بڕیاریان دا كه هاوكات له‌و دیدارانه دا به‌شداری بكه‌ن. رۆسۆ ده‌ڵێ: "ئه‌و دایك و بابانه ئێستا له به‌هێزترین لایه‌نگرانی كوردستانن." ئه‌و له درێژه‌دا ده‌ڵێ: "ئه‌وه سه‌لماندنێكه بۆ ئه‌وان كه بزانن مناڵه‌كانیان له‌خۆڕا شه‌هید نه‌بوون." پاش ئه‌و سه‌فه‌ره Move American forward و ئه‌و دایك و بابانه به هاوبه‌شی راپۆرتێكیان له سه‌ر بنه‌مای داواكاری بۆ "مانه‌وه و زیاد بوونی سوپای ئه‌مریكا له كوردستان" پێشكه‌ش كرد كه له راستیدا ئه‌وه ئامانجی سه‌ره‌كیی رێبه‌رانی كورده.
ئێستا گاراوی هیواداره كه به پشتگیریی براده‌ر و هاورێی به هێز و كاریگه‌ری واشنتۆن ، قوباد تاڵه‌بانی، فیته‌ری رابردوو و لۆبیستی ئێستا، كه‌مپه‌ینی نه‌ته‌وه‌یی خۆی بباته قۆناغێكی تر. ئه‌و تاڵه‌بانی و رێبه‌رانی تری كوردی هان داوه كه به خه‌رج كردنی بڕی چه‌ند ملیۆن دۆلار، ئه‌و ریكلامه بازرگانیانه له سه‌ره‌تای به‌رنامه‌كانی ته‌له‌فزیۆنه‌كان، بڵاو بكه‌نه‌وه. ئه‌و ده‌ڵێ: "ئه‌گه‌ر ژماره‌یه‌كی زیاتری خه‌ڵكی ئه‌مریكا ئه‌و رێكلامانه ببینن ده‌توانین، هه‌ڵوێستێكی عاقڵانه‌ترمان له مه‌ڕ شه‌ڕ هه‌بێ" . تاڵه‌بانیش له‌گه‌ڵ گاراوی هاوڕایه و ده‌ڵێ سه‌ره‌كیترین ئه‌ركی كوردان ئه‌وه‌یه كه ئێستا كارێك بكه‌ن كه "ئه‌مریكییه‌كان له كێشه‌ی كورد ئاگادار بن."تاڵه‌بانی ده‌ه‌ڵێ: "راستییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئێمه ئێستا خه‌ریكین خاڵه لاوازه‌كانی خۆمان چاك ده‌كه‌ین، كه ئێمه له‌گه‌ڵ بایه‌خه‌كانی ئه‌مریكا هاودڵین، كه ئه‌مریكا هه‌ر له‌و بوارانه دا پێشكه‌وتووه كه ئێمه‌ش خوازیاری ئه‌و پێشكه‌وتنانه‌ین ... ئه‌وه وه‌ك خولیایه‌كی ئه‌مریكی ده‌چێ

